حامید کۆنه‌پۆشی
رۆژی 6 نۆڤه‌مبه‌ر حکومه‌تی ئێران کۆنسولگه‌ری خۆی له شاری هه‌ولێر و سلێمانی له باشووری کوردستان به به‌شداری کۆنه پاسدار حه‌سه‌ن کازمی قومی باڵوێزی کۆماری ئیسلامی له به‌غدا کرده‌وه. بێ گومان بوونی کۆنسولگه‌ری وڵاته‌کانی جیهان له پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان چه‌شنێکه له به ره‌سمییه‌تناسینی ده‌سه‌ڵاتی کورد له باشوور و بۆ ئێمه‌ی کورد زۆریش گرینگه. دامه‌زراندنی کۆنسولگه‌ری ئه‌و وڵاتانه‌ی که ده‌توانێت کاریگه‌ری پۆسه‌تیڤی له سه‌ر گه‌شه‌ی ئابووری، سیاسی و.... له کوردستان هه‌بێت زۆریش پێویسته، هه‌ر بۆیه کار کردن بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی پێشکه‌وتووی جیهان ڕازی بکرێن که له باشوور کۆنسولگه‌ری خۆیان دابه‌مه‌زرێنن یه‌کێک له ئه‌رکه گرینگه‌کانی ئیستای حکومه‌تی هه‌رێمه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که زۆر روون و ئاشکرایه کۆماری ئیسلامی به مه‌به‌ستێکی تره‌وه کۆنسولگه‌ری خۆی نه‌ک له یه‌ک شار به‌ڵکو له دوو شاری کوردستان ده‌کاته‌وه. سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به گشتی و کۆماری ئیسلامی به تایبه‌تی دژ به گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵات و به‌شه‌کانیتری کوردستان له که‌س شاراوه نییه. سیاسه‌تی قر کردن و تواندنه‌وه کورد به‌شێکی دانه‌بڕاو بووه له سیاسه‌تی داگیرکاری کۆماری ئیسلامی له ته‌مه‌نی 28 ساڵ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی خۆی له کوردستان. رژیمی مه‌لاکانی ئێران زیاتر له هه‌ر وڵاتێکی دیکتاتۆری ئه‌م جیهانه تاوانی تیرۆری دژ به ڕه‌خنه‌گرانی خۆی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی ئێران ئه‌نجامداوه. ئاوردانه‌وه‌یه‌کی خێرا به سه‌ر کرده‌وه و تاوانه‌کانی به ناو دیپلۆماته‌کانی باڵوێزخانه‌کانی کۆماری ئیسلامی له زۆر وڵاتی جیهان، ئه‌وه‌مان زیاتر بۆ ئا‌شکرا ده‌کات که مه‌به‌ستی رژیمی ئێران له دامه‌زراندنی کۆنسولگه‌ری له شاره‌کانی باشوور چییه. له زۆربه‌ی ئه‌و تیرۆرانه‌ی که رژیمی ئێران دژ به ئوپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی خۆی ئه‌نجامیداوه، باڵوێزه‌کانی رژیمی ئیسلامی ده‌ستی ڕاسته‌وخۆیان تێیدا هه‌بووه و به ئا‌شکرا بنکه‌ی جاسوسی و تیرۆر بوون. له‌و کاته‌وه که کۆنه پاسدار، مه‌حمودی ئه‌حمه‌دینه‌ژاد بووه به سه‌رۆک کۆمار، ده‌ستی سوپای پاسداران زیاتر له جاران ئاواڵه بووه که کۆنه پاسداره‌کان پۆسته گرینگه‌کانی باڵوێزخانه‌کان ئێران به ده‌سته‌وه بگرن و تایبه‌ته‌ن له‌و وڵاتانه‌ی که ئوپۆزسیۆنی کورد و ئێرانی به‌هێز و چالاکن. زۆربه‌ی ئه‌و کۆنه پاسدارانه‌ی که ئیستا به ناو دیپلۆمات له باڵوێزخانه‌کان کارده‌که‌ن، له شه‌ڕ و تاوانه‌کانی کۆماری ئیسلامی دژ به گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌شدار بوون و هه‌تا به‌شێکیان له‌و پاسدارانه‌ن که تیری خه‌لاسیان به‌و شۆڕشگێرانه‌وه ده‌نا که له لایه‌ن که‌سانی وه‌ک خه‌ڵخاڵی جینایه‌تکاره‌وه حوکمی ئیعدام به سه‌ریاندا داسه‌پانده بوو و ئیستاێش له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان به پاسپۆرتی دیپلۆمات به‌رده‌وامن له سه‌ر تاوانه‌کانیان. له تاوانی تیرۆر کردنی دوکتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملوو ساڵی 1989 له وڵاتی ئوتریش باڵوێزخانه‌ی ئێران ده‌ستی ڕاسته‌وخۆی تێیدا هه‌بوو و زۆربه‌ی ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌که پاسپۆرتی دیپلۆماتییان پێ بوو. له‌و تیرۆرانه‌ی که له ساڵه‌کانی 89، 90 و 91 زایینی دژ به چه‌ند کوردێکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له وڵاتی سوید ئه‌نجامدرا، کارمه‌ندانی باڵوێزخانه‌که‌ی ئێران له ستۆکهۆڵم ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تیرۆرانه بوون. ره‌زا ته‌سلیمی یه‌کێک له گه‌وره تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی له وڵاتی سوید بوو. ره‌زا ته‌سلیمی که ناوی ڕاستی خۆی حه‌سه‌ن به‌نی هاشمی بوو، ئه‌رکی تیرۆر کردنی ئه‌ندامانی چالاکی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له وڵاتی سوید بوو که له‌لایه‌ن ڕێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی پێی سپێردرا بوو. کاتێک له‌لایه‌ن پۆلیسی نه‌هێنی سویده‌وه ده‌سگیر ده‌کریه‌ت، پاسپۆرتی دیپلۆماتی ئێرانی له گیرفاندا ده‌بێت. ته‌قاندنه‌وه‌ی ناوه‌ندی کولتووری جوله‌که‌کان له بوینس ئایرس پایته‌ختی ئارژانتین له رۆژی 18ی ژوئیه‌ی 1994 که بوو به هۆی گیان له ده‌ستدانی 85 و بریندار بوونی زیاتر له 200 که‌س، کاری ڕاسته‌وخۆی رێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی و باڵوێزخانه‌که‌یان بوو له وڵاته. چه‌ند ساڵ دوای رووداوه‌که دادگای باڵای ئارژانتین چه‌ند به‌رپرسێکی پله به‌رزی کۆماری ئیسلامی وه‌ک هاشم ڕه‌فسنجانی، عه‌لی فه‌لاحیان وه‌زیری پێشوی ئیتلاعات، موحسین ره‌زایی فه‌رمانده‌ی پێشوی سوپای پاسداران، ئه‌حمه‌د وه‌حیدی فه‌رمانده‌ی هێزی قودسی سوپای پاسداران و....، چه‌ند که‌س له به‌رپرسانی باڵوێزخانه‌ی ئێران له بۆینس ئایرس وه‌ک موحسین ریانی و ئه‌حمه‌د ره‌زا ئه‌سفه‌رین به پلان دارێژه‌رانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه ده‌ستنیشان کرد و له‌لایه‌ن شۆرای گشتی پۆلیسی ئینته‌رپۆله‌وه فه‌رمانی ده‌سگیر کردنیان بۆ ده‌رچووه و هه‌ر وه‌ها ئه‌و که‌سه‌ی که کرده‌وه خۆکوژیه‌که‌ی ئه‌نجام دابوو ئه‌ندامی حیزبوڵڵای لوبنان بوو که له ڕێگای باڵوێزخانه‌ی ئێرانه‌وه چووبوو بۆ ئارژانتین. ئه‌مانه چه‌ند نمونه‌ن له‌و هه‌موو تاوانانه‌ی که به‌رپرسانی باڵوێزخانه و کۆنسولگه‌ریه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران له پانایی جیهان ئه‌نجامیان داوه.. تیرۆر و ڕه‌شه‌کوژی حکومه‌تی مه‌لاکانی ئێران له باشوور و عێراق دژ به کورده‌کانی رۆژهه‌ڵات و ئێرانیه‌کان له ژماره نایه‌ت. تیرۆر و کوشتنی سه‌ده‌ها پێشمه‌رگه و خه‌ڵکی شۆڕشگێری ڕۆژهه‌ڵات له باشوور، به ده‌ستی ئه‌و گروپانه‌وه ئه‌نجامدراون که کۆماری ئیسلامی به به‌هانه‌ی جۆر به جۆر ڕه‌وانه‌ی کوردستانی کردوون و به‌شێوه‌ی ئا‌شکرا یان نهێنێ له شاره‌کانی باشوور دایمه‌زراندوون. هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ساڵی 1991ی زایینی، کۆماری ئیسلامی سیاسه‌تی تێکدان و ئاڵۆز کردنی هه‌رێمی په‌یڕه‌و کردووه. ڕژیمی ئێران به دروست کردنی گروپه ئیسلامیه تووندڕه‌وه‌کان، هه‌وڵی نائارام کردنی باشووری کوردستانی داوه و هه‌تا دروست کردنی ڕێکخراوه‌ی تیرۆریستی جند ئیسلام له کوردستان پرۆژه‌ی هاوبه‌شی رێکخراوه‌ی ئه‌لقاعیده و کۆماری ئیسلامی بوو به‌و مه‌به‌سته‌ی که ناوچه‌کانی کوردستان تووشی ئاڵۆزی و له یه‌کترازان بێ. رژیمی ئێران ده‌ورێکی سه‌ره‌کی هه‌بوو له په‌ره‌پێدانی شه‌ڕه ناوخۆیه‌کان له ساڵه‌کانی 94-97 له نێوان حیزبه‌کانی باشووری کوردستان. هیچ گومانێک له وه‌دا نییه که هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌وڵه‌تی داگێرکه‌ری تورک بۆ هێڕش هێنانه سه‌ر کوردستان پلانی هاوبه‌شی ئێران، سوریه و ده‌وڵه‌ته لاوازه‌که‌ی مالیکییه له به‌غدا. له‌وانه‌یه داگیرکه‌رانی کوردستان له زۆر بواردا له سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان بکه‌ونه ململانێ، به‌ڵام هه‌موویان به ده‌وڵه‌تی مالیکیشه‌وه که هێشتا به ته‌واوی گیانی به به‌ردا نه‌هاتوه‌ته‌وه له سه‌ر ئه‌وه کۆکن که هه‌تا بۆیان ده‌کریه‌ت ده‌سه‌ڵاتی کورد له باشوور تێکب‌شکێنن و یا ئه‌وه‌نده لاوازی بکه‌ن که ناچار بێ ملکه‌چی شه‌رته‌کانی ئه‌وان بێت. ئه‌وه‌ی مه‌نوچه‌هر موته‌کی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رۆژی 3 نوڤه‌مبه‌ر له کونگره‌ی وڵاتانی ده‌راوسێی عێراق له شاری ئیستانبوڵ، داوای دوو ساڵ دواخستنی ماده‌ی 140 په‌یوه‌ست به که‌رکوکه‌وه ده‌کات و یان له‌م رۆژانه‌دا بڕێک له به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی مالیکی داوای ئه‌وه ده‌که‌ن که ئاڵای عێراق(ئاڵای سه‌ر ده‌می به‌عس) بگه‌رێته‌وه بۆ ئیداره‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، هه‌مووی گره‌دراوهی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌کانه‌ن که ده‌وڵه‌تی تورک ماوه‌یه‌که دژ به هه‌رێمی کوردستان ده‌یکا. هه‌ڕه‌شه‌ی هێرش کردن بۆ سه‌ر کوردستان له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکه‌وه، یه‌کێکه له پلانه دارێژراوه‌کانی داگیرکه‌رانی کوردستان دژ به کورد به گشتی و هه‌رێمی کوردستان به تایبه‌تی. له ساڵی 1979ی زایینییه‌وه که کۆماری ئیسلامی هاتووه‌ته سه‌ر حوکوم،له زۆر ڕێگاوه هه‌وڵی ئالۆز کردنی جیهان و تایبه‌ته‌ن رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستی داوه. کۆماری ئیسلامی به دوای ڕوخانی رژیمی به‌عس زیاتر له هه‌ر وڵاتێکیتری ناوچه‌که چالاک بووه بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌مێکی فیدراڵی و دیموکراتی له عێراق تووشی شکه‌ست بێ و هه‌ر بۆیه له ڕێگای جۆراوجۆره‌وه په‌ره به شه‌ڕه ناوخۆیه‌کانی ئه‌و وڵاته ده‌دات. کۆماری ئیسلامی بوونی شه‌ر له عێراق له به‌رژه‌وه‌ندی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری خۆی ده‌بینێت هه‌ر بۆیه ڕژیمی ئێران به زۆربه‌ی ئه‌و گروپه تووندره‌وانه‌ی که خه‌ریکی شه‌ڕن له گه‌ڵ یه‌کتری له عێراق، چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نییانه پێ ده‌دات. ئه‌و پێنج ئێرانیه‌ی که له مانگی ژانویه‌ی ئیمساڵ له شاری هه‌ولێر له لایه‌ن ئه‌مریکایه‌کانه‌وه ده‌سگیر کران، دواتر ده‌رکه‌وت که هه‌ر پێنجیان له ئه‌ندامانی پله به‌رزی سوپای پاسدارانی ئێران بوون که کاریان گه‌یاندنی چه‌ک و که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕ بوو بۆ گروپه تیرۆریسته‌کانی ناو عێراق. فه‌رهادی که به حیساب بۆ کاری بازرگانی هاته بوو بۆ باشووری کوردستان و رۆژی 20 سپته‌مبه‌ر له لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌مریکاوه له سلێمانی ده‌سگیر کرا، دواتر ده‌رکه‌وت که ئه‌ویش نه ئه‌وه بازرگان نه‌بوو به‌ڵکو به‌رپرسێکی هێزی قودسه که باڵی سوپای پاسدارانه له عێراق. هه‌مووی ئه‌م به‌ڵگانه نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن که سوهه‌یل کرمانجی و عه‌لی ره‌زا موسافه‌ری سه‌ر کۆنسولگه‌ری کۆماری ئیسلامی له هه‌ولێر و سلێمانی نه‌ک ئه‌وه دیپلۆمات نین به‌ڵکو ئه‌ندامانی هێزی قودسن که بۆ تێکدانی ئاسایشی باشوور و ناساندنی ئه‌ندامانی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بنکه‌ی جاسوسی و تیرۆریان به ناو کۆنسولگه‌ری دامه‌زراندووه. 7/11-2007
